پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-09-23:23:00 - کۆدی بابەت: 4331
پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی
هەڵسوکەوت و ئه‌تەکێتی کۆمە‌ڵایە‌تی

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ، پێگەیاندن ، کۆمەڵایەتی ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

پێناسەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پڕۆسەیەکی کارلێکردنی کۆمەڵایەتیە، لە ڕێگەیەوە تاک کەسایەتی کۆمەڵایەتی خۆی دروستدەکات، ئەم کەسایەتیەش ڕەنگدانەوەی کلتووری خۆی دەبێت یان ئەتوانین بڵێین بریتیە لە پڕۆسەی گۆڕینی مرۆڤ لە زیندەوەرێکی بایۆلۆژی بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و پڕۆسەی دروستکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیە بۆ تاک.

بنەماکانی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

  1. وەرگرتنی کلتوور.
  2. تێکهەڵکێشانی کلتوور.
  3. گونجان لەگەڵ ناوەندە کۆمەڵایەتیەکان.

ناکرێت ئەم سێ بنەمایە لێک جیابکرێتەوە، ناشکرێت ئەگەر کەسەکە ئەم کلتوورە وەرنەگرێت کلتوور لەگەڵ کەسایەتی مرۆڤ لێکبدرێت.

ئەوەی شایەنی باسیشە وەرگرتنی کلتوور یەکەم هەنگاوی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیە، ئێمەش کە باسی  کلتور دەکەین باسی تەنها لایەنە فکریەکانی ناکەین، بەڵکو باسی شێوازی بیرکردنەوە و بەهای کۆمەڵ دەکەین، واتە وەرگرتنی کلتوور مانای وەرگرتنی شێوازی جیاوازە لە هەستکردن و درککردن، بۆ نمونە (ئەو حاڵەتانەی کە وا لە کوردێک دەکات توڕەبێت و هەڵچێت هەمان حاڵەت وا لە کەسێکی ئەمریکی ناکات توڕەبێت) واتە مرۆڤ لەڕێی کلتوورەوە هەست و هەڵچوونە جیاجیاکان فێردەبێت.

زانای ئەمریکی (مۆرفی) دەڵێت یاریکردنی منداڵ ڕەنگدانەوەی هەڵمژینی ئەو کلتوورەوەیە کە تیایدا دەژێت، هەربۆیەش یاریەکە جۆرێک لە توندوتیژی تێدا دەبێت کاتێک لە کۆمەڵگایەکی شەڕانگێز گەشەدەکات.

کارەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

  1. وەرگرتنی بەها کۆمەڵایەتییە باوەکانی کۆمەڵگا.
  2. کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و تێرکردنی پێداویستیەکان بەپێی ڕێساکانی کۆمەڵ.
  3. فێرکردنی ڕۆڵە کۆمەڵایەتیەکان بەپێی ڕەگەز و پیشە و پلەی کۆمەڵایەتی تاک.
  4. فێربوونی شێوازە جیاجیاکانی ڕەفتار.
  5. فێربوونی توخمە کلتووریەکانی کۆمەڵ.
  6. گۆڕینی منداڵ لە بوونەوەرێکی بایۆلۆژی بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.

مەرجەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی

  1. بوونی کۆمەڵگایەک خاوەن بەها و کلتوور و ڕێسای تایبەت بە خۆی.
  2. بۆماوەیی بایۆلۆژی کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندی دەگرێتەوە کە منداڵ بۆماوەیی لە دایک و باوکی بۆی دەگوازرێتەوە لەڕێگەی (جینات)، واتە منداڵ دەبێت ئەقڵ و دەمارەکانی و هەموو بەشەکانی لەشی ئامادە دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر.
  3. سروشتی مرۆڤ جگە لە هەموو ڕۆح لەبەرەکانی تر، مرۆڤ تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەم تایبەتمەندیەش وا لە مرۆڤ دەکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروستبکات و لەناو کۆمەڵگاوە گەشەبکات.


سەرچاوەکان



6151 بینین